نویسنده: هونین
مقدمه: این نوشته تلاشی شخصی است برای بازیابی فیگور و تصویر واقعی زن کورد در میان هجمە رسانەهای مختلف فارسی و کوردی، کە هر دو بە شیوەهایی متفاوت در ارائه تصویری ناواقعی از زن کورد، نقش ایفا میکنند. و همزمان تلاشی است برای تعریفی بومیتر و دقیقتر از حجاب در جامعه کوردستان که میتواند با تعریف سراسریتر آن در ایران، متفاوت باشد و مطرح کردن این مساله که عدم توجه به این تفاوت چقدر میتواند برای مخاطب درونی و بیرونی جامعه کردستان، کژفهمی ایجاد کند. همچنین گذری میزنم به فیگور زن مبارز سیاسی کورد و واکاوی تصویری که از وی بازنمایی میشود. و چون این نوشته بیشتر به مساله کژفهمی این بازنماییها در رابطه با خود مردم کردستان میپردازد و خطاب به مردمانش، بهویژه زنان کورد است، برای رسایی و همنوایی بیشتر با آنان به زبان کوردی سورانی، که البته فقط یکی از شاخههای زبان کوردی است، نوشته شده است.
سیمای ژنی کورد لە نێوان ڕاستی و وەهم دا
ئەیانبینم، بە دەنگێکی تاوێک بەرز، تاوێک نزم، دەنگێکی دور کە لە گەڵ با تێکەڵ ئەبێت، بەڵام ئەو بایەش ناتوانێ لەچکە کانیان لا بدات. ئەیانبیستم ئەو ژنانەی وا لە زیندانن ئەوانەی لە نامە کانیان باسی ئاواتە گەورە کان ئەکەن، ئەوانەی ژیانی خۆیان تەرخان کردووە بۆ ئامانجە گەورەکان، بۆ خەڵک، بۆ جەماوەر، بۆ ژیان(لەمەیان دڵنیا نیم). هەست بە قورسایی سەر شانیان ئەکەم، ئەپرسم ئا خۆ لە خۆیان ئەپرسن؟ جارێک لە خۆیان ئەدوێن؟ جارێک لە ئاوێنە سەیری خۆیان ئەکەن؟ جارێک بە تاسەوە قژیان دا ئەهێنن؟ بیرم ئەچێتەوە بۆ لای ئەو لەچکانەی بایش دەرەقەتیان نایەت، ئەپرسم بۆ؟ ئەترسن؟ لە کێ؟ لە حکومەت، بڕوا ناکەم، حکومەت دەمێکە کاری بە حیجاب لە چوارچێوەی کوردستان نیە، زۆر جار دیومانە بە گۆرانی یا خو بە هەڵپەرین ژنان بێحێجاب دەرکەوتن لە سایتە کۆمەڵایەتیەکان. ئەی کێ؟ لە کۆمەڵگای خۆیان ، ئەمە یان ئەتوانێ هۆکار بێت ،لەڵام بڕوا ناکەم تاکە هۆکار بێت. ئەو کۆمەڵگا گەر لە گەڵ بێ حێجاش نەبێت، بەڵام فێربووە چۆن وای پیشان بدات کە کێشەیەکی لە گەڵ نیە، تەنانەت گەر لە بەر ئەوی تر بێت. من بە شەقامە کانی شارەکەی مناڵی مدا بێ لەچک ڕۆشتم و جگە لە چەن نیگایێکی سەرسوڕماو ـ نە نیگای قیناوی ـ هیچم بە دی نەکردووە و زۆربەی خەڵک وەک ژنێکی ئاسایی سەیری منیان کردووە. ئەی کەواتە چیە کە لەو با بەهێزترە؟کام ترسە؟ ترس لە خۆیان، ئەو منەی کە ئەیەوێت ئازاد بێت، ترس لەوەی کە دەرنەکەوێت کە نەکا جگە لە ئاواتە گەورەکان، بیر لە خۆیان بکەنەوە، نەکا ببن بە هێمای ئاواتە بچووکە کان، بەڵام ئەم ترسە لە کوێوە هاتووە؟ با گەشتێک بدەین لە کەلتوور و مێژووی کوردەواری دا و سەرتای سەفەرێک دەست پێ بکەین بۆ ناسینی ژنی کورد.
وێنای ژنی کورد لە میدیا کاندا دوو جۆرە. جۆرێکیان وێنایە کە دەسەڵاتی ناوەندی لە ژنی کورد درووستی کردووە، و وێنای دوهەم وێنایە کە میدیا کان و تا ڕادەیەک بزووتنەوەی کوردی درووستی کردووە. لە ئاکامدا بە وە بگەین کە ئەم دوو وێنا تا چ ڕادەیەک لە ناسین و خوڵقاندنی ژنی کورد بەو جۆرە ی کە هەیە دەستیان هەبووە و ڕنگە لەو بێ مەیلیەی ژنی کورد بۆ ئازادی خۆی وەکوو تاک، نە ک جەماوەر. وێنای یە کەم دۆ جۆرە، یەکەم وەک چۆن فێردوەس حاتەمی باسی ئەکات، وەکوو ژنێکی پیاوانە، ژنێکی ڕەق و بێ هەست کە هیچ بە ڕێگای ناز و لەباری ناڕوات، ئەو ژنەی کە هیچ لە ژن بوون نازانێت و گەر هێز لە گەڵیدا بێت ئەبێت بە ژنێکی سامناک و پڕ لە قین، بەڵام لە جۆری دوهەم دا کە زۆرینەیە ژنێکی بن دەستی بێ دەسەڵاتە کە تەنانەت نازانێ چۆن خۆشی بکات و خۆشی ببەخشێت و ژنێکی بێ ورە و دەسکەوتە کە مل کەچی کۆیلایەتیەکی بەردەوامە، و دیلی دەستی پیاوەکانی دەورو پشتیەتی.
من بەشی خۆم پێموابێت زۆر لەم ڕوانگەوە باسی کرابێت. بۆیە من سەرەنجی زۆرتر ئەدەم لە وێنای دووەم واتە ئەوەی میدیا کانی کوردی و تا ڕادەیەک بزووتنەوەی کوردی پیشانی ئەدەن. ئەم فیگۆڕە شیان دوو جۆرە. یەکەم ژنێکی ئازایە کە بۆ ئاواتە گەورە کان و لە سەرووی هەموویان نیشتمان، تێ ئەکۆشێت، ئەو ژنێکی ساکارە بە ورەیەکی بەرزەوە، وەکوو پۆڵا وایە و خەنجەرێکە کە لە دڵی داگیرکەران ئەچەقێت. و لە شێوەی دووهەمدا ژنێکی جوانە، بە جلێکی کوردی ڕازاوە و بێ لەچکەوە، کە لە هەڵپەرکەیەکی ڕەشبەڵەک، شانبەشانی پیاوان هەڵ ئەپەڕێت، وێنایێک کە تا ڕادەیەک ئەتوانێت بەڕاستی نزیک ببێتەوە، بەڵام هۆکاری زۆر، بۆ خراپ تێگەیشتن درووس ئەکات. لە ناوچەیەک وەکوو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و بە تایبەت ڕەگەزە ڕەنگاوڕەنگە کانی ئێران، ئەم سیمایە لە جۆری خۆی دا بێ وێنەیە. لە کۆمەڵگای خنکاو لە پیاو سالاری دا، ئەم وێنەیە بۆ ژنێکی بە پەراوێزخراو، جۆرێک لە سەرسوڕمان بە دوای خۆی دا ئەهێنێت کە تا ڕادەیک ڕاستیە. بەڵام کاتێک شتەکە هەڵخەڵێتەنەر ئەبێت، کە خوودی مڕۆڤی کورد، بڕوا بەم سیما جوان و ئازادە وا لە دەرەوە ئەیبینن، ئەهێنێت! ئەو کاتەیە کە گیرۆدەی وەهمێک ئەبێت کە دەستکردی خۆیەتەی. بۆ ئەوەی جوانتر لە مانای ئەو وەهمە تێبگەین لە هەنگاوی یەکەمدا پێویستە، سەیرێک بە ژیانی خۆماندا بکەین، وەکوو کوردێک کە کوردستان ژیاوە.
با لە خۆمەوە دەست پێ بکەم وەکوو ژنێکی کورد کە تا ڕادەیەک پەروەردەیەکی جیاوازتر و ئازادتری بووە و ڕەنگە لەم بوارە دا هەندێک سەرتریم بەرامبەر زۆریەک لە کچانی کوردی تر پێ بەخشرابێت، زەماوەندی کوردی هەمیشە جێی سەرسووڕمانی من بوو. بە تایبەت لە ڕوانگەی حیجابەوە، لەوێدا من کچانێکم ئەدی کە بە جلێکی کوردی کە نەپۆشراوەتر لە جلە ئاساییەکانیان بوو، دەر ئەکەوتن. واتە لە بۆنەیەکی جەماوەری، کە پڕ بوو لە پیاوانی تر، مەبەستم پیاوانێکە کە خزم و کەس و کاری زۆر نزیکیان نەبوون. بەڵام سەیریە کەی لەوە دا بوو، هەمان کچ گەر لە میوانی دا لە ماڵی خۆیان یا خوو لە ماڵی کەسێکی تر ئەو پیاوەی بدیتایێ، ئەبوایێ لەچکی لەسەر کردبایێت، ئەمە شتێک بوو کە مێشکی من وەکوو کچێکی کورد لە ئەستۆی هەڵگرتنی هەڵ نەدەهات. پرسی حیجاب لە کوردستان دا، بەردەوام پرسێکی ئاڵۆز بووە لە لام، بیرمە ئەو کۆمەڵگایەی کە تا ڕادەیەکی زۆر لە گەڵ دانەپۆشینی تەواوەتی قژ ڕا ئەهات، لە گەڵ دانە پۆشینی ناوەقەد بەخوارەوە نەک بە ڕووتی بەڵکوو بە شێوەی پۆشینی جلێک کە سیمایەکی وردبینانە تری لێ پیشان بدات، وەکوو پۆشینی شەڵوار بێ داەمەن، یا بە بلووزێکی کورتەوە، زۆر ڕا نەئەهات. ئەو کاتە عەیبە لەوە دا نەبوو کە نیوەی قژت بە دەرەوە بێت، وەک چۆن لە ناوچە کانی تری ئێران ڕەنگە عەیبە بوایەت. بەڵام پۆشینی مانتۆی کورت و شەڵواری بە بێ داوێن عەیب بوو. بیرمە لە تەمەنی تازەلاویم کێشەیەکی ئەوتۆم لە گەڵ قژم نەبوو بەڵام ئاخ کە داوێن ئامرازی سەرەکی ڕق و قینی من بوو، چوون لە پێ نەکردنی زۆر ئەستەمتر بوو، ئەو چاوانەی سەیریان ئەکردی بە نیگایەکی پڕ لە لۆمە، ئێجگار زۆرتر ئەبوون. لێرەدا ئەشێ ئەو وتەی زۆر لە پیاوانی کورد وا لە دوای ژینا وتیان ئێمە لە کوردستان کێشەی حێجابمان نیە ڕەت بکەینەوە. چوون لە کوردستان حێجاب هەیە بەڵام بە چوارچێوە و پێناسەیەکی جیاواز لە گەڵ کۆمەڵگای ئێران بە گشتی، و ناوەندی ئێران بە تایبەتی.
ئێمە وەکوو کوردێک ئەشێت چوارچێوەی حێجاب لە کۆمەڵگای خۆمان پێناسە بکەین نەک ئەو چوارچێوە دیاری کراوەی کە ناوەندی ئێران بۆ حێجاب دیاری کردووە، بە پێناسەیەکی هەمەلایەنە و گشتگیر لە عۆرفی گشت کۆمەڵگاکان قەبووڵ کەین. گرینگی ئەم پێناسە خۆجێییە لە حیجاب لەوە دایە کە ئەتوانێ یارمەتی مان بدات کە ورد ببینەوە کە ژنی کورد تا چەندە بۆی هەیە و توانیوویەتی لەو چوارچێوە خۆجێییەی حێجاب ببەزێت. کە وەڵامە کە لای من ئەوەیە کە هەم لە بواری ژنی سیاسی و تێکۆشەر، هەم لە بواری ژنی ئاسایی کورد، زۆر کەم توانیویەتی ئەو سنورە ببەزێنێت! وەکوو ژنی ئاسایی کورد ئەتوانین سەیری شەقامە کانی کوردستان بکەین، ناتوانین نکۆڵی لەوەبکەین کە دوای ژینا شەقامەکانی کوردستان گۆڕانکاریان بە سەردا هاتووە، بەڵێ وایە ئێمە کۆمەڵێک ژنی بێ لەچک و ڕوسەری ئەبینین بەڵام زۆربەیان بە شێوەیەکی ئاڵۆز شاڵەکەیان لە دەوری ملیانە، بەڵێ بەشێوەیەکی ئاڵۆز کە شاڵە کە بە سەر قژ و پرچیان دا خراوەتە دەوری مل، کە دیمەنێکی زۆر جوان دروس ناکات، ڕێک وەکوو شاڵێک کە بە ڕێکەوت لە سەریان دا کەوتبێت، نەک وەک شاڵێک کە بە هۆی دوو دڵی و کەمێک ئێحتایتەوە لە ژێری قژە کانیان خرابێتە دەوری ملیان و لێرەدا بۆیە هەوڵ ئەدەم بەوردی باسی بکەم، چوون تەواوی وردەکاریەکان، ئاماژەن.
ئەمجارە بگەڕێینەوە و ورد بینانە تر لە پرسیاری سەرەتای ئەم بابەتە تێبگە ین، کە ئەم گۆڕانکاریە لە سیمای حیجاب لە کوردستان دا چەنێک بەرچاوە و چی ڕۆڵی هەبووە گەر کەمتر لەو شتەی بێت کە بەراوەردمان کردبێت؟ و کێ ڕێگر و بەربەستە لەم دۆخەدا؟ هەر ئەو جۆرەی پێشتر وتم دەسەڵاتی ناوەندی ڕۆڵی کەمتری هەیە لە حێجاب لە کوردستان دا، چوون وەک ئەزانین حکومەت بە پێی کۆمەڵێک هۆکارەوە، زۆر دەست لە دۆخی حیجاب لە کوردستان نادات، وەک چۆن گەشتی ئێرشاد لە زۆربەی شارەکانی کورستان هیچ کات بوونی نەبووەو زۆرجار زۆر لە ژنانی کورد ئەبینین کە گۆرانی کوردی بێ حێجابیش بڵاو ئەکەنەنەو لە زۆربەی ئەو کاتانە دا تووشی دەست بەسەر کردن نابن. لە هەمان کات دا، زۆر جار کۆمەڵگای کوردی بە هۆی ئەوەی کە ئەیەوێت خۆی کراوە تر نیشان بدات و تا ڕادەیەک چاوی بە بینینی ژنی کوردی بێ حێجاب لە گۆڤەند و بۆنەجەماوەریەکان دا هەیە، ڕەنگە زۆر بەر بەست نەبن لەوەی کە ژنی کورد بێ حێجاب دەرکەوێت( بە تایبەت گەر ژنە کە کەسی نزیکی خۆیان نەبێت) ، لانی کەم لە چەند شاری کوردستان دا، کە لێرەدا پەیوەندیەکی ئاماژە پێ نەکراو لە نێوان جلی کوردی و حێجاب ئەبینین، واتە گەر، ژنی کورد، جلی کوردی لەبەر کات بۆی هەیە بێ حێجاب بێت، وەک هاورێیەکی ئازیز باسی ڕۆڵی جلی کوردی وەکوو حێجابی کرد، کە ئەمەیان بابەتێکە کە تێر و تەفسیری زۆرتری ئەوێت، لەوەی کە لێرە دا بە وردی باس بکرێت وباسی ئەوەی کە خوودی ژنی کورد لەم هەلە رەخساوە بۆ بێ حێجابی توانیویەتی کەڵک بگرێت، لە تاقەتی ئەم نوسراوە بە دەرە.
بەڵام من ئەمەوێ زۆر ڕوونتر بڕوانم بۆ ناخی کەسایەتی ژنی کورد، ئەو ژنەی کە فێر نەبووە، یان نەیویستووە جەستەی ئازاد بکات، تەنانەت گەر لە میدیاکانی کوردی ناوبانگی بە ئازادترین ژنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەر کردبێت! ئەم دو ڕوویە لە میدیاوە دەست پێ ئەکات؟ یا میدیا تەنیا لە هەلە ڕەخساوە کان بەهرە وەر ئەگرێت. کۆمەڵگای کوردی وەک چۆن وتم ڕوانگەیەکی دوو ڕوویانەی بەرامبەر بە ژن و سێکشواڵیتە هەیە، وەک چۆن پێشتر باسی سیمای ژنی کوردم لە زەماوەندەکان و بۆنە جەماوەریە کان کرد. ئێمە زۆرجار گفتگۆی کراوە و نزیک ئەبینین لە نێوان کوڕان و کچانی کورد کە بە تایبەت پەیوەندی خزمایتیان هەیە، ئەو جۆرە پەیوەندیەی کە ڕەنگە بۆ کۆمەڵگاکانی تری ناو ئێران جێی سەرسوڕمان بێت، بەڵام بۆ ئێمەی کە لە ناخی ئەو پەیوەندیانە گەورە بووین، دڵنیام گەر ورد بینەوە لە تەواویان، کۆمەڵێک حەزی سەرکووت کراو، پەیوەندی ڕزاو و دەستدرێژی کردن و مامڵەی خراپی تێیدا بەدی ئەکەین. ئەوەی ئەبینین ڕوخسارێکی جوانکراوە کە بە زۆر ڕاگیراوە، ڕێگایەکی ونە، کە گەر سەرچاوە کانی بگرین دەستی سەرکووتی مەیل، حەز و جەستەی تێدا ئەبینین. ژنی کورد کەسێکە لە ویدیۆکاندا هێمای جوانیە و ئەتوانێ جوانیە کانی خۆی دەرخات، بەڵام بۆی نیە کەڵکیان لێ وەرگرێت. ئەو بێ لەچک و بە جلێک کوردی و بە سیمایێکی جوان دەر ئەکەوێت، بە سانایی جەستەی هەڵ ئەسووڕێنێت تاکوو بە جیهان نیشان بدات کە ژنی کورد چەن جوان و ئازایە. چۆن ئەتوانێ، ئەو جوانیانەی دەربخات. بەڵام مەخابن ئەو قەد سنورەکانی ئازادی جەستەی نابەزێنێت.
لە هەمان کات دا، سیمای سیاسی ژنی کورد، واتە ئەو جۆرەی کە پیشان ئەدرێت، لای من ژنێکی بێ حەز و دابڕاوە کە تەنیا بۆ ئامانجە گەورەکان شەڕ ئەکات. ئەو کەسێکە ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ هەمان حەزی گەورە و بۆیە حەز بچووکەکان کە لە جەستەییەوە دەس پێ ئەکات، هیچ ماودایێکی نیە. هەر وەک پێشتر وتم، ئەو زۆرتر هەوڵ بۆ ئازادی ئەوی تر ئەدات تا خۆی. ئەو کەسێکە بە بێ لەچک، بەڵام بە ساکارترین شێوە دەر ئەکەوێت، بەڵێ ئەو چقڵی چاوی دوژمنانی گەلی کوردە. ئەمە سیمایێکە کە جێی ڕێزە، بەڵام بەردەوام، شتێک لە ناخی من دا ناکۆک ئەکات، شتێک هەیە لەم سیما کە بەردەوام ئازاری من ئەدات، وەکوو خەمێکی قووڵ چنگی ئەخاتە ناو دڵمەوە و زامێکی زیندووم بۆ ئەکولێتێتەوە. زامێکی کۆنتر و بە تەمن تر لە من، زامێک بە قووڵایی مێژو، زامێکی ئەونە قووڵ، کە هەستەکان تێکەڵ ئەکات و ئەو کاتەیە کە نازانی توڕەی یا خەمگین. و ئەم پرسیارە دێتەی ئاراوە کە ئەی خۆی؟ رەنگە بڵێن شەڕ بۆ وڵاتەکەی، شەڕی خۆیەتی، بەڵام ئەی جەستەی؟ ئەو جەستەی کە بە تەنیا دوژمنی نیشتمان داگیری نەکرووە. تکایە مەڵێن گەر ئەو دەستە دابڕا دەستەکانی تریش دائەبڕن و جەستەی ئازاد بێت، تکایە بە کایە کۆنە کان هەوڵی هەڵخەڵەتانی کەس مەدەن، چوون وا تەنیا گوومان لە سەر خۆتان زیاتر ئەکەن.
لە کۆتایی دا بڵێم ئەمە نوسراوەیەکە، بیر و ڕای خۆمم تیا نووسیووە و باسی نیگەرانی و پەرۆشیەکانی خۆمم کردووە و نەمویستوە عامیلیەت لە ژنی کورد بستێنم بەڵکووبە پێچەوانە وە بیگەڕێنمەوە بۆ خۆی و ڕەنگە زۆر لە واتا کانی کە لە سەر بنەمای ژیان و تێڕوانینی خۆم بنیاد نراوە، لە لای زۆر کەس لە ڕاستییە کەیان گوومان بێت. و بە هیوای ئەو ڕۆژەی کە ژنی کورد لە گەڵ ئاواتە گەورەکان بۆ خۆیشی شەڕ بکات. لە دواییش دا سەری ڕێزم بۆ ئەو ژنانەی کە لە ئایچی سەقز لەچکەکانیان هەڵگرت، دا ئەنەوێتم، وەکوو ساتێکی مێژوویی و ڕەنگە تاکە ساتێک کە ژنانی کورد بەرەنگاری حێجاب لە چوارچێوەی حکومەتیە کەی و خۆجێییە کەی بوونەوە و هەنگاوێکی گەورە بەروە ئازادی لەشیان ڕۆشتن.